بێ من مه‌ڕۆ!
بێ من مه‌ڕۆ!
دیواره‌کان،
په‌ستم ده‌که‌ن!
په‌نجه‌ره‌یه‌ک،
ده‌توانێ من شاگه‌شکه کا،
له وه‌رزه‌کانی ته‌نیایی!
**
مژ مژ سیگار،
ئه‌مکێشێت و
چۆڕ چۆڕ باده،
ئه‌مخواته‌وه!
پێچه‌وانه‌ی ئه‌و شه‌وانه‌ی
مه‌ست و وڕ بووم به لاته‌وه!
**
هێور هێور،
ده‌بی به ڕووح و به گیانم!
که داده‌نیشی ڕووبه‌ڕووم
یان ده‌گه‌ڕێی شان به شانم!
**
بێ من مه‌ڕۆ!
چۆن بێ گواره،
ده‌چی بۆ شایی وزه‌ماوه‌ند؟
چۆن بێ پێڵاو،
ئه‌نێی هه‌نگاو؟
چۆن بێ چه‌تر،
ده‌چیته ژێر لێزمه‌ی باران!
بێ من مه‌ڕۆ!
**
نه‌ت ناسیوم!
چوون قه‌ت نه‌چووی
له‌گه‌ڵ زریان،
بۆ سه‌فه‌ری مان و نه‌مان!
ده‌گه‌ڵ پایز نه‌ژاکاوی!
ده‌گه‌ڵ باران،نه خووساوی!
ده‌گه‌ڵ هه‌تاو،
تا ناخی زه‌وی ڕۆنه‌چووی!
وه‌کوو باهۆز،
یاخی نه‌بووی!
نه‌ت ناسیوم!
چوون وه‌ک کوێستانی کوردستان،
نه‌بوویه گۆڕی بێ باکت!
چوون وه‌کوو من،
هه‌ڵیان نه‌بڕیوی له خاکت!
**
وه‌ره‌وه لام!
لێم مه‌تۆره!
بێ سەبرانە چاوه‌ڕوانتم
له کازیوه تا ئه‌نگۆره!
**
بێ تۆ نه‌فه‌س،
یاریم نادا!
كۆڵانه‌كانی ته‌نیایی،
هێنده ته‌نگن,
متمانه ناکه‌م به دیوار!
هه‌زاران جار،
سه‌رم شکا و بێ په‌روا بووم
بۆ تۆ شه‌یدا بووم
ڕیسوا بووم!
**
جووتێ فرمێسک،
له چاوت دا قه‌تیس ماون!
سه‌ر مه‌ست ، مه‌غروور!
نه دێنه خوار به گۆناتا
نه تازه ده‌چنه‌وه بۆ ژوور!
**
شکۆفه‌کانی بزه‌ی تۆ،
هه‌نگی نیگام ده‌ئارووژێنن!
به‌هار به تۆوه جوانتره،
ئه‌ی باخی پڕ له جوانی و ناز!
هه‌رچی سه‌یری جوانیت ده‌که‌م،
قه‌ت تێر نابم!
**
هاتووم به شێعری بێده‌نگم،
تێکه‌ڵاوی هاوارت بم!
هاتووم به قه‌سیده‌ی ماچم،
ئاوێته‌ی گوڵهه‌نارت بم!
**
شه‌و باش جوانی!
له شه‌وگاری ته‌نیاییما،
بوویه مانگ و
له به‌ر لێزمه‌ی تریفه‌ی تۆ،
ڕووت بوومه‌وه!
که‌س وه‌ک من به‌خته‌ه‌ر نیه
له یه‌ک کاتدا
دوو خۆشه‌ویستم میوانه:
یه‌کیان کاڵێ و
ئه‌ویتریان په‌ری شێعر!
**
مێژووی وڵات ،
چیڕۆكی عه‌شقی ئێمه‌یه!
شارسانیه‌ت،
بڵێسه‌یه‌ك ،
له بوركانی نامۆییمان !
**
ڕۆژ له دوای ڕۆژ،
له لای من خۆشه‌ویست تری!
خۆشه‌ویستیت وه‌کوو دارێ
پتر ڕیشه‌ی،
به ناو دڵما ده‌چته خوارێ!
**
بێ تۆ وێرانم!
وێرانم!
ئارامه گیانم، له لای تۆ!
ڕووح و گیانم!
**
بۆ کوێ بڕۆی
به شوێنتا دێم،
وه‌کوو قه‌ره‌ج
وه‌کوو کۆچه‌ر!
ماڵ به کۆڵ و
عاشقه خه‌م و
دڵ سه‌وداسه‌ر!
**
که عاشق بووی؛
دونیا جوانتر له جارانه!
که عاشق بووی؛
ژیان جوانه!
مه‌رگ تا بڵێی ئاسانه!
که عاشق بووی؛
هه‌موو شاره‌کانی جیهان،
ده‌بنه بانه!
**
ڕووگه‌م،
هه‌ر ئه‌و ڕووگه‌ی تۆیه!
بۆیه هه‌ر کاتێ سه‌ربه‌خۆ
ڕووی تێده‌که‌م؛
ده‌گه‌م به تۆ!
**
تۆ له من دا،
بوویه ڕووگه و
من له تۆ دا،
بوومه دۆزه‌خ!
چ وه‌رزێکی قه‌ره‌بڕووته!
**
جێم مه‌هێڵه!
ساڵه‌هایه دووری ژه‌نگه و
جاڕه بزه‌م هه‌ڵده‌لووشێ!
**
بۆ ساتێکیش بێ تۆ ناژیم،
تۆ هه‌ناسه‌ی
بێ تۆ ده‌مرم
به‌رگه ناگرم!
**
کاتێ مه‌ستم،
له شه‌ڕابی چاوه‌که‌ی تۆ
چ ده ر‌به‌ستم!
ته‌نیا له‌من،
ئه‌و شێعرانه جێ ئه‌مێنن،
له پاش مه‌رگم،
که کا‌تی مه‌ستی بۆت ده‌ڵێم!
**
دژواره بۆم،
له جێیه‌ک دا ده‌نگ هه‌ڵێنم،
که بێ تۆیی له‌وێ باوه!
هه‌ر وڵاتێ تۆ نه‌ناسێ
وێرانه‌یه! تێک ڕووخاوه!
**
که‌س له‌م عه‌شقه حاڵی نابێ!
هه‌موو ڕۆژێ،
له ڕووباری ناهومێدی تێپه‌ڕ ده‌بم
هه‌موو ڕۆژێ،
له زه‌ریاچه‌ی مه‌ترسی وه
ده‌په‌ڕمه‌وه و
دێم به‌ره‌و لات!
**
هه‌رچی شێعرت بۆ ده‌نووسم
هێشتا که‌مه!
باسی ئه‌وینی من و تۆ
وه‌ک چه‌ند دڵۆپه بارانه
بۆ شۆره‌کات!
**
قه‌ت ناتوانم به جێت بێڵم!
ناتوانم لێت دوور که‌ومه‌وه!
تۆ جانتا نی و
به‌ڵام دایم به کۆڵمه‌وه‌ی
تۆ پێنووس نی و
به‌ڵام دایم له ناو ده‌ستمای
تۆ ڕووگه نی و
به‌ڵام دایم له به‌ر ده‌ممای!
تۆ شێعر نی،
له سه‌ر زار و له ناو دڵمای!
**
بێ من مه‌ڕۆ!
چۆن بێ گواره،
ده‌چی بۆ شایی وزه‌ماوه‌ند؟
چۆن بێ پێڵاو،
ئه‌نێی هه‌نگاو؟
چۆن بێ چه‌تر،
ده‌چیته ژێر لێزمه‌ی باران!
سپاس بۆ هه‌موو خوێنه‌رانی شێعری ک.د.ئازاد! سه‌ردانتان مایه‌ی شانازیمه!بایه‌خ پێدانه به شێعری ئازاد و بێ به‌رگری کوردی!